ژان دارک ئەو ژنەی وڵاتێکی لە داگیرکاریی ڕزگار کرد

ژان دارک ژنە پاڵه‌وان و ڕابەرێکی سوپای فەڕه‌نسا، کە به‌شداری شه‌ڕی نێوان فەڕه‌نسا و ئینگلتەرای کردووه‌ و توانیویەتی دوژمن تێکبشکێنێت، به‌ڵام دواتر له‌لایه‌ن سوپای ئینگلیزه‌وه‌ ده‌گیرێت و ده‌سووتێنرێت، حه‌وت ساڵ پاش کوشتنی ژان دارک هه‌ردوو وڵات یه‌ک ده‌گرن و هاوپه‌یمانی ڕاده‌گه‌یه‌نن.

ناوی ته‌واوی(جێن دی دارک)ه‌، له‌ شه‌شی کانوونی دووه‌م ١٤١٢ له‌ گوندی دۆمرێمی له‌ فەڕه‌نسا له‌دایکبووه‌، پارچه‌ زه‌وییه‌کیان له‌ گونده‌که‌ هه‌بووه‌ و باوکی کاری جووتیاری کردووه‌ و هه‌ڵبژێردراوی گونده‌که‌ بووه‌ و کاری کۆکردنه‌وه‌ی باجی دانیشتووانه‌که‌یشی کردووه‌، به‌ڵام دواتر به‌ چه‌ند هۆکارێکی نادیار گونده‌که‌یان ده‌سووتێت.

لە ته‌مه‌نی ١٣ ساڵاندا، له‌لایه‌ن سێ قه‌شه‌ی گونده‌که‌ به‌ناوی مایکڵ و مارگرێت و کاسرین بیری ئه‌وه‌ی ده‌خه‌نه‌ مێشک کاتێک گه‌وره‌ ده‌بێت، پێویسته‌ وڵاته‌که‌ی ڕزگار بکات و ئینگلیز وه‌ده‌ربنێت.

بەو بیرۆکەیەوە لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا، دەچێتە لای ئه‌فسه‌رێکی سه‌ربازی و داوای لێ ده‌کات بچێته‌ ڕیزەکانی سوپاوه‌ و خزمه‌ت به‌ گه‌له‌که‌ی بکات له‌ ڕێی ڕزگارکردنی فەڕه‌نسا و شکانی ئینگلتەرا، به‌ڵام داواکەی پەسەند ناکرێت.

ژان دارک دەستبەرداری ئامانجەکەی نابێت و بەردەوام دەبێت تا لەتەمەنی ١٧ ساڵیدا چاوی به‌ شا چارڵس پاشای فەڕەنسا دەکەوێت، له‌ کاتی کۆبوونه‌وه‌که‌دا داوای کرد بچێته‌ ئۆریلانسی باکووری وڵاته‌که‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی دایکی پاشا چارلس یارمه‌تی دارایی و پاره‌ی بۆ سوپای ئه‌وێ ده‌برد، ژان داوای کرد له‌گه‌ڵ سوپا سه‌ربازییه‌که‌ بچێته‌ ناوچه‌که‌ و جلی سه‌ربازیی ئاسنین له‌به‌ر بکات بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی سه‌ربازان بدات و ئه‌سپ و شیریان بۆ بەرێت.

دوای چه‌ند ساڵێک له‌ بەزینی هێزی فەڕه‌نسا، سه‌رکردایه‌تی هێزه‌که‌ پێویستی به‌ فه‌رمانده‌یه‌کی به‌هێز هه‌بووه‌، بۆیه‌ پاشا چارلس ژانى کردووه‌ته‌ سه‌رکرده‌ی سوپای فەڕه‌نسا و ئه‌میش به‌ لایه‌نی ئاینی لێکیداوه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وام هه‌ستی کردووه‌ له‌لایه‌ن خواوه‌ فه‌رمانی پێ کراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی گه‌له‌که‌ی بکات.

دوای ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ مه‌یدانی جه‌نگ، ژان شه‌ڕی ئه‌نگلۆ فەڕه‌نسی بۆ شه‌ڕێکی ئاینی ده‌گۆڕێت، ئه‌مه‌یش ترس له‌لایه‌ن ڕاوێژکارانی دروست ده‌کات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی کاریگه‌ریی جه‌نگه‌که‌ ترسناکتر ده‌کات، به‌ڵام له‌ نیسانی ١٤٢٩ـدا له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وڵاتەوە به‌ که‌سێکی زیره‌ک و دڵسۆز بۆ کاره‌که‌یی و کریستیانێکی باش و ڕاستگۆ ناودەبرێت.

لەسەرەتای گه‌یشتنی بۆ ئۆریلانس له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌ و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌کانی ئه‌وێ ڕه‌ت ده‌کرایه‌وه‌ و به‌شداری کۆبوونه‌وه‌کانیان پێ نه‌ده‌کرد و گوێیان به‌ بڕیار و بۆچوونەکانی نه‌ده‌دا، به‌ڵام دواتر باس ده‌که‌ن که‌ بوونی ئه‌م سه‌رکرده‌ ژنه‌ چه‌ند گرینگ بووه‌ و له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ند سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌.

کاتێک ئه‌و فه‌رمانده‌ی سوپای فەڕه‌نسا بووه‌ له‌ شه‌ڕی ئۆریلانس چه‌ندان سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی بۆ وڵاته‌که‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌ و دوژمنی شکاندووه‌، سەرباری ئەوەی لە شه‌ڕه‌کان بریندار بووه‌ و تیری به‌ر مل و شانی که‌وتووه‌، به‌ڵام نه‌وه‌ستاوه‌ تا شاره‌که‌ی له‌ سوپای ئینگلیز خاڵی کردووه‌ته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی فەڕه‌نسی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ ناوچه‌که‌.

دوای سه‌رکه‌وتنه‌کانی داوای له‌ پاشا کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کاری تری پێ بده‌ن و شوێنی دیکە له‌ فەڕه‌نسا ڕزگار بکات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پاشا متمانه‌ی زۆر پێ بووه‌ ڕێگری لێ نه‌کردووه‌، جگه‌ له‌ ڕزگارکردنی شاره‌کان، ئامۆژگاری زۆری سه‌رکرده‌ سه‌ربازییه‌کانی تری کردووه‌ و متمانه‌ و پشتگیری ئه‌وانیشی به‌ده‌ستهێناوه‌.

له‌ ٢٣ی ئایار ١٩٣٠دا هێزه‌که‌ی یه‌کخستووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌ی کۆمپیگنێی باکووری فەڕه‌نسا ڕزگار بکات، به‌ڵام دەستگیر دەکرێت، چه‌ند جارێک هه‌وڵ ده‌دات هەڵبێت، بێسوود ده‌بێت، بۆیه‌ چاره‌سه‌ری تری نابێت و له‌ تاوه‌رێکی ٢١ مه‌تری خۆی فڕێ ده‌دات و دووباره‌ له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌وه‌ دەستگیر دەکرێتەوە.

دوای ئه‌وه‌ی ئینگلیز بۆیان ده‌رده‌که‌وێت ژنه‌ و جلی پیاوانه‌ی پۆشیووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ناسرێته‌وه‌، سزای توندی ده‌ده‌ن ده‌ستدرێژی ده‌که‌نه‌ سه‌ر، دواتر دادگایی ده‌که‌ن و بڕیاری له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌ده‌ن.

لە ٣٠ی ١٤٣١ له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌وه‌ له‌ خاچ ده‌درێت و ده‌سووتێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بنه‌وه‌ له‌ مردنی دوو جار ده‌یسووتێنن تا لاشه‌که‌ی ده‌بێت به‌ خه‌ڵووز، دواتر خۆڵەمێشەکەی فڕێ ده‌ده‌نه‌ ناو ده‌ریاوه‌.

ش. ئـ

Comments are closed.